بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - دوومانگنامەی "ئەمێریکەن کانسێرڤاتیڤ" The American Conservative لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی "شەڕی ئابووریی دژ بە ئێران کۆتایی پێ بێنن" بە ئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵ کردنی تۆڕە دراوییە نێودەوڵەتییەکان و سزادانی تاکەکان، وڵاتان و کۆمپانیاکانی هاوکاری بازرگانیی ئێران نووسی: دەوڵەتی ترەمپ بە کەمپەینی زیاترین و توندترین گوشار، ئێرانی گەمارۆی ئابووری داوە و ئەوەش بە پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەیەکی جەنگی دێتە ئەژمار.
ئەو گۆڤارە ئەمریکاییە نووسییەتی: لە راستیدا سیاسەتی ئێمە ، وڵاتێک بە ٨٠ ملوێن حەشیمەتەوە دەخاتە بن گەمارۆیەکی مۆدێڕنەوە و کاتێکیش کە دەوڵەتی ئێران کاردانەوە نیشان دەدات، دەوڵەتی ترەمپ وادەنوێنێ کە سەری سووڕماوە لەو کاردانەوەیە.
"ئەمێریکەن کانسێرڤاتیڤ" ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە: بێ گومان یەکەم قوربانیانی شەڕی ئابووریی دەوڵەتی ترەمپ دژ بە ئێران، هەژارترین و بێ دەسەڵاتترین چینی کۆمەڵگای ئێران و هەروەها ئەو نەخۆشانەن کە پێویستیان بە دەرمانی دەگمەن و گرانە.
ئەم گۆڤارە ئەمریکاییە پێی داگرت: ئەم شەڕە دەبێ هەرچی خێراتر کۆتایی بێ لەبەر ئەوەی کە تەنیا ئەو کاتە دیپلۆماسییەکی راستینە دەتوانێ بێتە ئاراوە.
دەوڵەتی ئەمریکا لە ٨ی مانگی مەیی ٢٠١٨ـەوە دوابەدوای چوونەدەری یەکلایەنە و نەیاری بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، توندترین بایکۆتی ئابووری بە سەر گەلی ئێران داسەپاندووە.
........
340